Skip to content Skip to footer

د. عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ کێ یە؟

د. عیزەدین کوڕی مەلا مستەفای سەفوەت کوڕی حاجی مەلا ڕەسوڵی دێلێژەیە، ساڵی 1934 لە گەڕەکی دەرگەزێن لە شاری سلێمانی لەدایک بووە، لە لای باوکی لە مزگەوتی حاجی مەلا ڕەسووڵی دێلێژە خوێندویەتی، پاشان ساڵی 1939 وەک گوێگر لە قوتابخانەی غازی وەرگیراوە، پاش نیوەی ساڵ لەبەر وریایی و زیرەکی کراوە بە خوێندکار و سەری ساڵیش بە یەکەم دەرچووە. دوای چوونی بۆ بەغدا، بوەتە خوێندکاری کۆلێژی شەریعە، بەڵام بەهۆی تێکەڵبوونی بە کاری سیاسییەوە، ساڵی یەکەمی شەریعەی پێتەواو نەکراوە و دەرکراوە، پاشان گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی. ساڵی 1951 لە خانەی بەرزی مامۆستایان وەرگیراوە، ساڵی 1952 بەشداری ڕاپەڕینی ئەو ساڵە بوە لە شاری بەغدا، بریندار بووە و دواتر لەبەر بەشداریی کردنی لە راپەڕینەکەدا لە کۆلێژ دەرکراوە و گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی. دواتر بوەتە مامۆستا لە شاری سلێمانی و دەوروبەری. بەهۆی تێكەڵاوبوونی بە كاری سیاسی نەیتوانیوە لە شاری سلێمانی بمێنێتەوە و لە كۆتایەكانی ساڵی 1956دا ڕوو لە شام دەكات و هەر لە شام درێژە بە خوێندنەكەی دەدات تا لە شۆڕشی 14ی تەمووزی ساڵی 1958 گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا و لە قۆناغی سێهەمی خانەی بەرزی مامۆستایان دانراوە. پاشان تەواوی کردوە و هەر لە بەغدا لە بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی، کە یەکەم ساڵ بوە پێک هێنراوە دامەزرێنراوە. یەکێک بوە لەو خوێندکارانەی چوەتە سۆڤیەت. دوای تەواوکردنی زمان، لەگەڵ کەمال مەزهەر و نەسرین فەخریدا چوەتە باکۆ، لە 24/6/1963دا پلەی دکتۆرای وەرگرتوە و پاشان لەسەر داوای حیزبی شیوعیی عێراق چوەتە سۆفیای پایتەختی بولگاریا بۆ سەرپەرشتیی ڕادیۆی نهێنیی دەنگی گەلی عێراق. ساڵی 1965 گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و چوەتە شاخ و بوە بە پێشمەرگەی حیزبی شیوعیی عێراق. لە 26/12/1966دا بوەتە مامۆستا لە بەشی کوردی زانکۆی بەغدا. لە ساڵی 1969دا لەگەڵ رۆشنبیرانی كورد، یەكێتی نوسەرانی كوردیان لە شاری بەغداد دامەزراندوە، یەكەم بەیاننامەی ئەم یەكێتییە بە قەڵەمی د. عیزەدین نوسراوە. ساڵی 1979 چۆتەوە بۆ مۆسکۆ و درێژە بە خوێندن داوە و پلەی دکتۆرای «ناوک› و پڕۆفیسۆری وەرگرتووە. لە ساڵی 1992دا بوە بە ئەندام لە یەکەم خولی پەرلەمانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر لیستی ی. ن. ک بەڵام وەک کەسێکی سەربەخۆ. خاوەنی 91 کتێبی چاپکراوە لە بوارەکانی ئەدەبی و سیاسی و مێژویی و وەرگێڕان. لە ڕۆژی 3/10/2018 لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.

ئەدەب و وێژەی کوردی هیچی کەمتر نییە لە ئەدەب و وێژەی دراوسێکانمان، بگرە زوڵمیشیان لێکردووین.

پرۆفیسۆر د. عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ

نووسەر و ڕۆشنبیری دیاری کورد

ڕۆژانی یەک شەممە – پێنج شەممە<br>
کاتژمێر ١٠ بەیانی – ٦ دوانیوەڕۆ

هاتنە ژوورەوە بۆ هەمووانە و بێ بەرامبەرە

سلێمانی: بەختیاری – شەقامی شێخ ڕەزای
تاڵەبانی – بەردەم هۆتێل شاری جوان